زیندانییەکی سیاسیی کورد دەستی دایە مانگرتن

14:12 - 22 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو زیندانە، دەستی داوەتە مانگرتن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"قاسم رەحیم ئازەر\" زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە کەمتەرخەمیی لێپرسراوانی زیندانی مەهاباد لەمەڕ چارەسەریی نەخۆشییەکی ماوەی ٢ رۆژە مانی لە خواردنی دەوا و دەرمانی نەخۆشییەکەی گرتووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ماوەی زیاتر لە ١ مانگە تووشی نەخۆشیی سیل هاتووە و بەرپرسانی زیندان مەهاباد سەرەڕای گوێ نەدان بە نەخۆشییەکەی، بۆ ژووری قەرەنتینەی ئەو زیندانەیان راگواستووە.

\"11050.jpg\"
قاسم رەحیم ئازەر
رەحیمی ئازەر لە ماوەی ١ مانگی رابردوودا بە مەبەستی چارەسەریی نەخۆشییەکەی چەندین جار داوای مەرەخەسی لەبەرپرسانی ئەو زیندانە کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێ نەداوەتەوە.

ناوبراو رێکەوتی ١٦ی رەشەممەی ١٣٨٩ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا و دواتر لە دادگای سەرەتاییدا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بە ٨ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا و پاشان لە دادگای پێداچوونەوەدا حوکمەکەی بۆ ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.