زیندانییەکی سیاسیی کورد بەهۆی "بەزاندنی سنوور" لە زیندانی ورمێ ئازاد نەکرا

12:17 - 18 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوە، "ڕەحیم مەحموودی ئازەر" زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ ، بە تۆمەتی "بەزاندنی سنوور" کە بە ٩ مانگ زیندانی حوکم دراوە، لە زیندانی ورمێ ئازاد نەکرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییە وەبەر لێخۆشبوونی نەورۆزیی دەزگای قەزایی کەوتبوو، بەڵام بەهۆی "بەزاندنی سنوور" ئازاد نەکرا و دەبێ ٩ مانگی دیکە لە زیندان دابێت.

برای ئەو زیندانییە سیاسییە لەو پەیوەندییەدا، ڕایگەیاند: "لە پەیوەندییەکی لەتەفوونیدا، لە زیندانی ورمێ بە منیان ڕاگەیاند کە براکەت وەبەر لێخۆشبوونی نەورۆزیی هێزی قەزایی نەکەوتووە و حوکمی ئازادبوونەکەی دەرچووە. براکەم هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە کە پاش دوو ساڵ لە تێپەڕاندنی حوکمەکەی، ماوەی ٩ مانگ زیندانییەکەی وەبەر لێخۆشبوونی دەزگای قەزایی کەوتووە، بۆ پێشوازی لە ئازادبوونی براکەم چوومە پێش دەرگای زیندانی ناوەندیی ورمێ، بەڵام براکەی بەهۆی بەزاندنی سنوور دووبارە بۆ بەندەکەی گەڕێندرایەوە".

برای ڕەحیم مەحموودی ئازەر لە درێژەدا ڕایگەیاند: "کایەکردن لەگەڵ هەستی بنەماڵەیەک لەلایەن نابەرپرسانی ئەم وڵاتەوە کارێکی سروشتی بە ئاژمار دێت، بەهۆی درۆی ئەو کەسانە دایکم تووشی ناڕەحەتی دڵ بوو، بەو هۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێمان کرد".

ڕۆژی سیشەممە ٦ی رەشەمە، ڕەحیم مەحموودی ئازەر سەبارەت بە دژایەتی‌کردن لەگەڵ ئازادبوونی بێمەرەج دەستی دابووە، مانگرتن.

ئەو زیندانییە کوردە، خەڵکی شاری ورمێیە و مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩٧ لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی ڕەزا نەجەف‌زادە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی پێداچوونەوەی شاری ورمی بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، ٥ ساڵ لەو حوکمە وەکوو ئەشەدی سزا دەبێت جێبەجێ ببێت.

 ڕەحیم مەحموودی ئازەر دوو ساڵ لە ماوەی زیندانییەکی تێپەڕاندووە.