زیندانییەکی سیاسیی کورد بۆ زیندانی ناوەندیی ئەردەبێڵ دوور خرایەوە

14:33 - 15 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، لەسەر بڕیاری لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ئەردەبێڵ دوور خرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانان، حەسەن گەڵوانی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری نە‌غەدە، لە گرتووخانەی شاری ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ئەردەبێڵ دوور خرایەوە.

پێشتر، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکەی کورد، بە ناوی \"واحید بێهبەهانی\"، خەڵکی شاری پیرانشار، لە ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییە حکوومەتییەکان ئێرانەوە دەسبەسەر کران و پاش دوو مانگ ڕاگرتنیان لە گرتووخانەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزران.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ڕێکەوتی١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێیەوە، بە پێنج ساڵ زیندانی دوورخراوەیی مەحکووم کرابوو.

هەروەها، لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، واحید بێهبەهانیشی بە ٦ ساڵ زیندانی دوورخراوەیی بۆ زیندانی قەزوین مەحکووم کردبوو، کە ناوبراو پاش ناڕەزایەتیدەربڕین بە نیسبەت حوکمەکەی، هەنووکە چاوەڕێی پێداچوونەوەی حوکمەکەی لە لایەن دادگای پێداچوونەوەیە.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردبوو.

لینکی پەیوەندیدار:
دوو زیندانیی سیاسی کورد به ١١ ساڵ زیندانیی دوورخرانەوە مەحکووم کران