زیندانییەکی سیاسیی کورد بۆ جاری دووهەم بە ئێعدام مەحکووم کرا

12:58 - 29 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بۆ جاری دووهەم بە ئێعدام مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "مەحیەدین ئیبراهیمی"، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێ"ی شاری شنۆ، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بۆ جاری دووهەم بە ئێعدام مەحکووم کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانبار، بانگهێشتی بەشی مەدەدکاریی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و حوکمەکەیان پێڕاگەیاندووە.

حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ لە دیوانی باڵای وڵات پێشێل کراوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە بۆ لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێ کرابوو.

بەدواداچوونی دووبارە بۆ دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمی بە سەرۆکایەتی شێخلو بەڕێوە چووە و ناوبراو بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" جارێکی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە بارودۆخێکی جیسمانی خراپ دایە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار و دواتر دەسبەسەر کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش برینداربوونی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و بەبێ تەواوکردنی دەوا و دەرمانەکەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدای ورمێ گوێزرایەوە و بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لێپرسینەوە و ئازار و ئەشکەنجە درا.

٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، دادگایی کردنی مەحیەدین ئیبراهیمی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بەبێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوەچوو و ڕۆژی یەکی مانگی ڕەزبەر بڕینەوەی حوکمی ئێعدام بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران"، بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ساڵی ٨٩، ئەم هاوووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی " ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران"، دەسبەسەر و پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی شاری ورمێ ئازاد کرا.

هەروەها، ساڵی ٩٦، ، برایەکی ئەم زیندانییە سیاسیە کوردە بە ناوی "نورەدین ئیبراهیمی" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە کاتی کاسپی کردن گیانی لە دەست داوە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، خێزاندار و هەنووکە لە بەندی ١٢ی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ ڕاگیراوە.