زیندانییەکی سیاسیی بەلووچ لە چارەسەریی پزیشکی بێبەریە

13:46 - 30 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی بەلووچ لە زیندانی ناوەندیی شاری تەورێز لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی دایە و لە چارەسەریی پزیشکی بێبەرییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی بەلووچ بە ناوی \" عەلی ناروویی\" بە هۆی شکانی دەم و لووتی لە ماوەی دەستبەسەریدا لە ئیدارەی ئیتلاعات ئەو ئەندامانەی لەشی چڵکیان کردووە و هەتا ئێستا لە چارەسەریی پزیشکی بێبەرییە و لە دۆخێکی ناجێگیردا بەسەر دەبات.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٢٣ ساڵە کوڕی \"غەریب شا\" ساڵی ١٣٨٤ لەبەر ئەوەیکە براکەی بەناوی \" س – ناروویی\" دژایەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی کردووە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و لەماوەی دەستبەسەریدا بە توندی ئەشکەنجە کراوە.

\"10303.jpg\"
عەلی ناروویی
بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە چەندین جار داوایان لەبەرپرسانی زیندان کردووە کە لەسەر تێچووی خۆیان چارەسەری پزیشکی بۆ کوڕەکەیان ئەنجام بدەن، بەڵام هەتا ئێستا ئەو داوایە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە رەت کراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە بنەماڵەی عەلی ناروویی بەردەوام داوایان کردووە کە رۆڵەکەیان بگوازرێتەوە بۆ زیندانی \"زاهدان\"، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات نەتەنیا رەزامەندیی لەگەڵ ئەو کارە دەرنەبڕیوە، بەڵکوو دەبێ سەرجەم چاوپێکەوتنەکانیش لەگەڵ ئەو زیندانییە بەلووچە لەسەر ئیزنی ئەو ئیدارەیە ئەنجام بدرێت.

عەلی ناروویی ساڵی ١٣٨٤ لەتەمەنی ١٦ ساڵیدا لە گوندی \"سەوزپووشان\"ی سەربە شاری \"خاش\" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوەوە دەستبەسەر کرا و دواتر دادگای شۆڕشی ئەو پارێزگایە ماوەی ١٨ ساڵ زیندانی بۆ بڕییەوە کە پاش ٢ ساڵ راگیران لە زیندانی زاهیدان هەنووکە بۆ ماوەی ٥ ساڵیشە لە زیندانی ناوەندیی تەورێزدا ماوەی زیندانییەکەی تێپەڕ دەکات.