زیندانییەکی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانی یەزد دوورخرایەوە

13:27 - 27 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کورد، وەکوو بەشێک کە ماوەی ٢٠ ساڵەی زیندانیی بوونەوەکەی، لە زیندانی ورمێ، بۆ گرتووخانەی یەزد، دوورخرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەشەممە، \"قادر محەممەدزادە\" زیندانیی سیاسی کورد، خەڵکی شاری بۆکان، وەکوو بەشێک لە ٢٠ ساڵەی زیندانییە داسەپاوەکەی لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، بۆ زیندانی یەزد دووخرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، ماوەی ١٥ ڕۆژ بە هۆی خراپی بارودۆخی لە زیندانی ناوەندی ورمێ، مانی لە خواردن گرتبووە.

قادر محەممەدزادە، لەگەڵ سێ کەسی دیکە بەپێی دەستووری قەزایی بە تۆمەتی \"پێشێلکردنی یاساکانی زیندان\" بۆ قەرەنتینەی پێشووی زیندان ڕاگوێزراوە و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکی بێبەری کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ٨٤ی هەتاوی، لەگەڵ محەممەدئەمین عەبدوڵلاهی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش لێکۆڵینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی ورمێ و مەهاباد،بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزراوە و پاش ١٥ مانگ لە ناڕوونی چارەنووسی لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە تۆمەتی \"محاربە لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\"، هەر کامیان بە ١٨ ساڵ زیندانی بە دوورخراوەیی مەحکووم کران و ئەم حوکمەش بە فەرمی لە دادگای پێداچونەوە، پشتڕاست کراوەتەوە.