زیندانییەکی سیاسی کورد، لە بەندی زیندانییانی ئاسایی ڕاگیراوە

15:43 - 19 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کورد، لە بەندی زیندانییانی ئاسایی لە زیندانی ورمێ، بە سەر دەبات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی سیاسی کورد، بە ناوی \"فەخرەدین ئاسریس\" کوڕی عەلی خەڵکی شاری شنۆ، لە بەندی ٣ و ٤ی زیندانییانی ئاسایی لە زیندانی ورمێ، ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێیەوە، ئەو زیندانییە سیاسیە چەندین جار داوای گواستنەوەی بۆ بەندی ١٢ی زیندانی ورمێ کردبوو کە ئەو بەندە تایبەتە بە زیندانییانی سیاسیه بەڵام بەرپرسانی زیندان لەگەڵ داواکاری ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، ناڕەزایەتییان دەربڕیووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، لە مافی مورەخەسی هەتا ئێستا بێبەریە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: بەرپرسانی زیندانی ورمێ لەگەڵ داواکاری ئەو زیندانییە سیاسیە بۆ ڕاگواستن بۆ زیندانی شاری شنۆ، شوێنی لە دایکبوونی، دژایەتییان کردووە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر \"شێخلو\"، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و دواتر بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، پاش تاوتۆێ کردنی دۆسییەکەی لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، حوکمەکەی بۆ سێ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

هاوینی ساڵی رابردوو، ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە سپای پاسداران لە شاری شنۆ دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی \"سەیدوشوهەدا\"ی ورمێ، ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە کوردە، پاش لێپرسینەوە، بۆ بەندی زیندانییانی ئاسای ڕاگوێزرا.