زیندانییەکی سیاسی کورد دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی بیرجەند ڕاگوێزرا

20:44 - 31 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کورد خەڵکی شاری بۆکان دەسبەسەر وو بۆ زیندانی ناوەندی شاری بیرجەند ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، محەممەد ئەمین عەبدوڵلاهی، زیندانی سیاسی کورد کە لە \"مورخەسی دەرمانی\" لە شاری بۆکان بە سەر دەبات لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبە سەر و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی بیرجەند گوێزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە بە هۆی ئیش و ئازاری چارەسەر نەبوو لە مورەخەسی دەرمانی دایە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دووبارە بۆ زیندانی بیرجەند ڕەوانە کرا.

محەممەد ئەمین عەبدوڵلاهی سەرەڕای تێپەڕاندنی نیوەی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان، هەروا لە مافی ئازادی رەوا بێبەری بووە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، پاییزی ساڵی ٨٤ی هەتاوی، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران \"بە ١٨ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخرانەوەی بۆ زیندانی \"تەبەس\" موحکووم کرا.