زیندانییەکی سیاسی کورد بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی ناڕەزایەتی دەربڕی

15:25 - 8 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری \"مسجدسلیمان\" بە هۆی نەخۆشی و چارەسەر نەکردنی پزیشکی ناڕەزایەتی دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەنگیز قەدەم‌خێر زیندانیی سیاسی کوردی بەندکراو لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری \"مسجدسلیمان\"، بە هۆی نەخۆشییەوە لە دۆخێکی نالەبار ژیان بە سەر دەبات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی ناوەندیی ئەم زیندانە لەگەڵ چارەسەری کردنی پزیشکی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە دەرەوەی زیندان دژایەتی دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: چەنگیز قەدەم‌خێر بە هۆی نارەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر پێڕانەگەیشتنی بەرپرسانی زیندان بۆ چارەسەری پزیشکی، ناڕەزایەتی دەربڕیوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها باسی لە نالەباربوونی بارودۆخی جەستەیی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کردووە.

چەنگیز قەدەم‌خێر، مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٠ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی فەردین فەرەجی، خوسرەو رەزایی و ئەیووب ئەسەدی، بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا\" دەسبەسەر کران.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩١ بە تۆمەتی \"شەڕ لەگەڵ خودا (محاربە)\" لە رێگەی ئەندامەتی لە حیزبێکی ئۆپۆزسیۆندا دادگایی کران و سەرئەنجام چەنگیز قەدەم‌خێر بە ٤٠ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ مەسجید سلیمان و محەمەد حوسین رەزایی بە ٤٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی میناب، فەردین فەرەجی بە ٣٠ سال زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی تەبەس و ئەیووب ئەسەدیش بە ٢٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی کاشمەر، مەحکووم کران.