زیندانییەکی سیاسی مەرەخەسی پێدرا

17:55 - 27 خەرمانان 2720

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی خەرمانان، "محەممەد شەریف سالم"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ، هاتە مەرەخەسی.

 مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، حوکمی ۳ ساڵ زیندانیی تەعزیریی "محەمەدشەریف سالم" بۆ ساڵێک و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە خەڵکی گوندی "دزە"ی ناوچەی مەرگەوەڕی "ورمێـ"ـیە و مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو و بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی شێخلوو" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

دادگای ئینقلابی ورمێ ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە پشتبەستن بە مادەی ٤٩٩ی یاسای سزای ئیسلامی، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە و ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، لە زیندان ئەو حوکمە بەو هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندرا.

"محەممەد شەریف سالم" ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چوار ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.