زیندانییەکی سیاسی لە مەریوان بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا

21:06 - 10 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی کورد دوای نزیک بە ٨ ساڵ زیندانی، لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، یەکێک لە چالاکانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی مەریوان، بە ناوی \"تەها ئەحمەدی\" کوڕی \"حەمە سەعید\" بەپشت‌بەستن بە ماددەی ٥٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٥٨ ساڵە، وەرزی زستانی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتی مەریوان دەستبەسەر کرا.

\"28907.jpg\"
تەها ئەحمەدی
هەواڵنێری کوردپا لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، تەها ئەحمەدی بە تۆمەتی \"هاوکاری و پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران\" دەستبەسەرکرابوو و دواتر لە دادگای ئینقلابی سنە حوکمی ئیعدامی بۆ بڕایەوە.

پاشان دوای تێپەڕبوونی ٦ مانگ لە دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە و نەبوونی بەڵگەی ڕوون و تەواو، دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان حوکمەکەی بۆ ٩ ساڵ زیندان گۆڕی.

یەکێک لە کەسانی نزیک لە تەها ئەحمەدی ڕایگەیاندووە، ناوبراو بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە هەر جۆرە مەرخەسییەک بێبەش بووە.

تەها ئەحمەدی ژن‌ و منداڵدار و ٤ منداڵی هەیە و هەنووکە لەگەڵ بنەماڵەکەی ژیان دەکات.