زیندانییەکی سیاسی لە زیندان ئازاد کرا

13:10 - 9 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕ، سەر بە شاری ورمێ، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانبار، \"فەرهاد سەحراپەیما\"، زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"دۆخی تەندروستیی ئەو زیندانییە سیاسییە زۆر ناجێگیر بووە\".

ئەو زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ورمێدا، لە ئیمکاناتی سەرەتایی وەک تەلەفۆن و ڕۆژنامە بێبەری بووه.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ، ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی حوکمی دادگا، کە لەگەڵ ئازادیی ناوبراو دژایەتی کردبوو، دەستی دابووە مانگرتن.

فەرهاد سەحراپەیما، خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ، سەرماوەزی ساڵی ٩١ی هەتاوی، بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کرا و دواتر لە دادگای ئینقلابی ورمێ، بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.