زیندانییەکی سیاسی بەهۆی مانگرتن لە خواردن، تووشی "خوێنبەربوونی هەناوی" بوو

10:38 - 7 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی شاری سەقز، لە ئەنجامی مانگرتن لە خواردن، تووشی "خوێنبەربوونی هەناوی" بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "ئیقباڵ زارعی"، زیندانیی سیاسی کورد لە گرتووخانەی شاری سەقز، بەهۆی مانگرتنی لە خواردن، تووشی "خوێنبەربوونی هەناوی" و نەخۆشیی چاو بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی شاری سەقز، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: "ئەو زیندانییە سیاسییە لە دۆخێکی خراپدا بەسەر دەبات و بەرپرسانی زیندان لە هەمبەر بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو کەمتەرخەمن".

ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەزبەر، لەمەڕ دەستێوەردانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز لە ڕەوتی دادوەریی دۆسیەکەی، دەستی داوەتە مانگرتن.

دادستانی شاری سەقز، ڕەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دەربڕیبوو، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات پێشی بە ئازادکردنی گرتبوو.

"ئیقباڵ زارعی" خێزاندار و خاوەن منداڵە.

ناوبراو ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ساڵی ٩٥ لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، مەحکووم کرا.