زیندانییەکی تەمەن ٢٢ ساڵ پاش هاتنە مەرەخەسی لە پیرانشار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

11:12 - 22 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕ، زیندانییەکی کورد بە ناوی "عەبدولئەحەد بەزمئارا" تەمەن ٢٢ ساڵ کوڕی "ڕەحمان" خەڵکی گوندی "سەروکانی" سەر بە بەخشی "لاجانـ"ـی پیرانشار، پاش هاتنە مەرەخەسی لە زیندانی نەغەدە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە بەهۆی گوشاری زۆر لە سەری و کەشی نالەباری زیندان، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و ساڵی ٩٨ پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە و لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی پیرانشار، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ١١ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە زیندانی نەغەدە ماوەی زیندانیبوونەکەی تێدەپەڕاند.