زیندانییەکی تۆمەتبار بە "قەتڵ" لە زیندانی ناوەندیی سنە ئێعدام کرا

10:36 - 10 بەفرانبار 2720

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی بەفرانبار، حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەک تۆمەتبار بە "قەتڵ" بە ناوی "مستەفا سەیفی"، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی "عەتا"، خەڵکی گوندی "وێژنانـ"ـی شاری سەوڵاوا، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار، ئەو زیندانییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە کرابوو.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، "مستەفا سەیفی" بە وەرگرتنی موڵەتی سێ مانگە بۆ ڕەزامەندی‌وەرگرتن لە بنەماڵەی کوژراوەکە، لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە، بۆ بەندی ئەو زیندانە گەڕێندرابووە.

ئەو زیندانییە، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەرمانان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو و بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانان حوکمەکەی جێبەجێ بکرێت.

"مستەفا سەیفی" ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ساڵی ٩٤، کەسێک بە ناوی "کۆسار سەیفی"، کوڕی "سدیق" کە لە نزیکانی خۆی بووە، بەهۆی کێشەی نامووسییەوە کوشتبوو.

ئەو زیندانییە دواتر، ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ٩٥، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە "قیساس" مەحکووم و ئەو حوکمەش لە ساڵی ٩٧دا لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابووە.