زیندانییەکی تۆمەتبار بە "قەتڵ" بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە لە ئێعدام ڕزگاری بوو

10:39 - 14 بەفرانبار 2720

زیندانییەکی تۆمەتبار بە "قەتڵ" بە ناوی "سەعید محەممەدی‌فەرد" تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان، بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو.

ڕۆژی پێنجشەممه ۱۱ی بەفرانبار، ئەو زیندانییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامەکەی، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنه کرابوو.

بڕیار بوو "سەعید محەممەدی‌فەرد" ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار لە زیندانی ناوەندیی سنە ئێعدام بکرێت.

ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ، ئەو زیندانییه پاش وەرگرتنی مۆڵەت بۆ ئەوەیکە ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکە بەدەست بهێنێت، لە ژووری تاکەسیی زیندانی سنه بۆ بەندی ئەو زیندانە گەڕێندرابووه.

"سەعید محەممەدی‌فەرد" نیزامیکاری هێزی زەوینیی ئەرتش بووه.

ئەو زیندانییە ساڵی ۹۴ له سنه، هاووڵاتییەکی خەڵکی "خوڕەم‌ئاوا"ی لوڕستانی کوشتبوو و لەلایەن دادگای کەیفەریی سنه بە ئێعدام مەحکووم کرابوو. پاشان دۆسییەی ئەو زیندانییه بۆ ئیجرایی ئەحکامی لقی ۲ی دادسەرای ئینقلابی سنه بەڕێ کرابوو.

"سەعید محەممەدی‌فرد" خاوەنی دوو منداڵ بە ناوەکانی "یاسین و نارینـ"ـه.