زیندانییەکی تۆمەتبار به "قەتڵ" بۆ جێبەجێکردنی حەکمی ئێعدامەکەی، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنه کرا

10:07 - 12 بەفرانبار 2720

ڕۆژی پێنجشەممه ۱۱ی بەفرانبار، زیندانییەکی تۆمەتبار بە "قەتڵ"، بە ناوی "سەعید محەممەدی‌فەرد"، تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی کرماشان بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامەکەی، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنه کرا.

 "ندا قەرەوەیسی"، هاوژینی "سەعید محەممەدی‌فەرد" لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتوویەتی: "هەوڵەکان بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لە بنەماڵەی کوژراوەکە درێژەی هەیه".

بنەماڵەی ئەو زیندانییه هەتا ئێستا نەیانتوانیوه دییەی کوژراوەکە بە بنەماڵەکەی بدەن، بنەماڵەی کوژراوەکە بۆ لێخۆشبوون لە ئەو زیندانییه داوای بڕی ٤ میلیارد تمەنیان کردووە.

بڕیارە "سەعید محەممەدی‌فەرد" ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار لە زیندانی ناوەندیی سنە ئێعدام بکرێت.

ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ، ئەو زیندانییه پاش وەرگرتنی مۆڵەت بۆ ئەوەیکە ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکە بەدەست بهێنێت، لە ژووری تاکەسیی زیندانی سنه بۆ بەندی ئەو زیندانە گەڕێندرابووه.

"سەعید محەممەدی‌فەرد" نیزامیکاری هێزی زەوینیی ئەرتش بووه.

ئەو زیندانییە ساڵی ۹۴ له سنه، هاووڵاتییەکی خەڵکی "خوڕەم‌ئاوا"ی لوڕستانی کوشتبوو و لەلایەن دادگای کەیفەریی سنه بە ئێعدام مەحکووم کرابوو. پاشان دۆسییەی ئەو زیندانییه بۆ ئیجرایی ئەحکامی لقی ۲ی دادسەرای ئینقلابی سنه بەڕێ کرابوو.

"سەعید محەممەدی‌فرد" خاوەنی دوو منداڵ بە ناوەکانی "یاسین و نارینـ"ـه.