زیندانییەکی بەلووچ لە زیندان گیانی لە دەست دا

13:35 - 24 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی بەلووچ خەڵکی شاری سەراوان، سەر بە پارێزگای سیستان و بلووچستان بە هۆی پێڕانەگەیشتنی دەوا و دەرمان لە زیندانی ئەو شارە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، زیندانییەکی بەلووچ خەڵکی شاری سەراوان بە هۆی تووش بوون بە نەخۆشی \"سیل\" و بە هۆی پێڕانەگەیشتنی لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە، گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو زیندانییە بەلووچە بە ناوی \"عەبدولڕەئوف پاهەنگ\" ناسراو بە \"حەنیف\" تەمەن ٣٠ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

کەمپینی چالاکانی بەلووچ وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، نووسیوویەتی: گیان لە دەستدانی ئەو زیندانییە بە هۆی تووش بوون بە نەخۆشی سیل بووە و ئەو ڕووداوە کاتژمێر ١ی شەو ڕووی داوە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە، سەرەڕای داواکاری بەردەوامی ئەو زیندانییە بۆ گواستنەوەی لە دەرەوەی زیندان بۆ چارەسەریی پزیشکی، بەرپرسی زیندان بە ناوی \"ئیرج نوور بەخش\" دژایەتی خۆی لەگەڵ گواستنەوەی ناوبراو بۆ دەرەوەی زیندان دەربڕیووە.

دەوترێ، پاش گیان لە دەستدانی ئەو زیندانییە، تەلەفوونەکانی زیندانی سەراوان داخراوە و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەی زیندانیان دروست کردووە.