زیندانییەکی بەساڵاچووی کورد بە "محارب" ناسێندرا

13:51 - 17 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لەلایەن دادستانی گشتیی تارانەوە، تاوانی \"شەر لەگەڵ خودا\"ی بەسەردا سەپێنراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نامیق مەحموودی تەمەن ٧٢ ساڵ خەڵکی گوندی \"ئێرانشا\"ی سەربە شاری سەقز لەلایەن دادستانی گشتیی تارانەوە و بە تۆمەتی \"راگرتنی چەک و تەقەمەنی بە \"محارب\" ناسێندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو زیندانییە کوردە پاش ١١ رۆژ ئەشکەنجە و راگیران لە ژووری تاکەکەسیی ئەو زیندانەدا پێی راگەیەندراوە کەلە داهاتوویەکی نزیکدا بە تاوانی \"شەر لەگەڵ خودا\" دادگایی دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، نامیق مەحموودی بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەی لەرادەبەدەری هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، چاوەکانی تووشی ئازار بوون و ئەگەری ئەوەی لێ دەکرێت بینایی خۆی لە دەست بدات.

نامیق مەحموودی رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٠ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ ٣ کوڕی خۆی بە ناوەکانی \"مەنووچێهر، بێهنام و بێهزاد\" و کەسێکی دیکە بە ناوی \"عوسمان قادری\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەقزەوە لە گوندی ئێرانشا دەستبەسەر کران.