زیندانییەک بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە زیندانی کرماشان ئێعدام کرا

17:40 - 22 جۆزەردان 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی جۆزەردان، حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی "مەهدی کیانی" خەڵکی لوڕستان لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان، جێبەجێ کرا.

ئەو زیندانییە پاش هەوڵە بەئاکام نەگەیشتووەکانی بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی لێخۆشبوون لە بنەماڵەی کوژراوەکە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان، لەسێدارە درا.

"مەهدی کیانی" چەند ساڵ پێش لە کاتی سەربازی بەهۆی شەڕ و کێشە لەگەڵ "ئومید قاسمی" یەکێک لە پێرسۆنێلی پادگانی ئەبوزەری شاری سەرپێڵی‌‌زەهاو، بە چەکەکەی خۆی ناوبراوی کوشت و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی جۆزەردان، حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی "بابا سەبزی" لە زیندانی ناوەندیی کرماشان، جێبەجێ کرا.

ئەو زیندانییە بە تۆمەتی پەیوەندییەدار بە مادە هۆشبەرەکان لەلایەن دەزگای دادەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.