زیندانییەک پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە گوازرایەوە

11:41 - 18 جۆزەردان 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد قادری" خەڵکی پیرانشار، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.

ڕێکەوتی ٦ی جۆزەردان، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان بانگهێشتی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کراون و بۆ ماوەی چەند خولەکێک کوڕەکەیان بە بێهۆشی بینیوە.

مەئموورانی ئەمنییەتی بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕاگەیاندووە که ناوبراو "خۆدزەنیـ"ـی کردووە و دوو حەوتوو پێش بە خواردنی ماددەی خاوێنکردنەوە (دەسشویی) ویستوویەتی خۆی بکوژێت و لەو پەیوەندییەدا، دوو جار ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.

 ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ، ٥ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "عەلی قادری"  کوڕی "ڕەسووڵ"، "محەممەد قادری" کوڕی "عەزیز"، "حیسامەدین پیرانی" کوڕی "زاهیر،" "ئەمیر قادری" کوڕی "خدر" و "سەلام خڕی ئاغە‌ڵان"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردان، "حیسامەدین پیرانی" بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی، "ئەبووبەکر مەحموود حەسەن" بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و "سەلام باپیروەند" بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.