زیندانییەک لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا

14:31 - 8 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەک لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، زیندانییەک به ناوی \"قاسم سواری\" لە زیندانی \"شیبان\" (مجتمع حرفه‌آموزی اهواز)، لە لایەن یەکێک لە مەئمورانی زیندان بە ناوی \"حەمیدیان\" ئەشکەنجە دراوە و بە هۆی کاریگەریی ئەشکەنجەوە گیانی لە دەست داوه.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە، ناوبراو بە توندی ئەشکەنجە دراوە و ئاسەواری ئەشکەنجەکە لەسەر جەستەیدا دیارە.

قاسم سواری خەڵکی گەڕەکی \"سپیدار\"ی شاری ئەهواز و تەمەنی ٥٠ ساڵ بووە، کە ماوەی ٤ ساڵە دەسبەسەر و زیندانی کراوە.

حەمیدیان یەكێک لە بەرپرسانی زیندانی \"کارون\" بووە، کە دوای داخرانی ئەو زیندانە ناوبراویان بۆ زیندانی شیبان ڕاگواستووە.