زیندانییەک لە پێش چاوی خەڵک لە خۆی ئێعدام کرا

13:48 - 24 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری خۆی و لە پێش چاوی خەڵک زیندانییەکی لە سێدارە دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەک لە شاری خۆی بە ناوی \"هادی ئەسەدلوو\" بە تاوانی کوشتنی کەسێکی تەمەن ٢٣ ساڵ لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە پێش چاوی خەڵک و لە شوێنی گشتی ئەو شارە ڕۆژی ڕابردوو ٢٣ی سەرماوەز ئێعدام کرا.

ئەو زیندانییە بە هۆی شەڕ و کێشە لەگەڵ هاووڵاتییەک لە ساڵی ٩١ی هەتاوی، ناوبراو دەکوژێت و هەوڵی بنەماڵەی تاوانبارە بۆ لێخۆشبوونی کوڕەکەیان لە لایەن بنەماڵەی کوژراوەکەوە بێ ئاکام بوو، سەرئەنجام پاش نزیک بە ٥ ساڵ زیندانی ئێعدام کرا.

\"قیساس\" حوکمێکی دینی و بنچینەی حکوومەتی هەیە و چالاکانی مافی مرۆڤ ئەم جۆرە حوکمەیان لەگەڵ سیستمی قەزایی و دادرەسی ئێڕان، بە جۆرێک لە \"نادادپەروەری و تۆڵەسەندنەوە\" ناوزەد دەکەن.

ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە، کە زۆرترین ڕێژەی ئێعدامی هاووڵاتییانی خۆی تۆمار کردووە و ئەم کردەوەیەش لەگەڵ ناڕەزایەتیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و مافی مرۆڤی بەرەوڕوو بووتەوە.