زیندانییەک لە شاری خۆی لە سێدارە درا

15:00 - 22 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەک، کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بە قیساس مەحکووم کرابوو، لە زیندانی شاری خۆی لە سێدارە درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕ، زیندانییەکی خەڵکی شاری خۆی، کە لە لایەن دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، حوکمەکەی جێبەجێ کرا.

شوناسی ئەو زیندانییە، بە ناوی \"بابەک بلووغی\" تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی شاری خۆی ڕاگەیەندراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەو زیندانییە، سێ ساڵ پێش بە هۆی کوشتنی بەئەنقەست دەسبەسەر کراوە.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، هەموو کاتێک جێبەجێکردنی ئێعدامی وەکوو \"وانەی هۆشدارکردنەوەی تاوانباران\" کردووە، بەڵام داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە هەمبەر ڕەهەندە نەرێنییەکانی بۆ سەر کۆمەڵگا هۆشدارییان داوە.