زیندانییەک لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کوژرا

20:23 - 24 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی زیندانییەکان لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی عاشووڕادا، یەکێک لە زیندانییەکان بە هۆی بەرکەوتنی قەمە دەکوژرێت.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، شەوی ٢١ی ڕەزبەر، لە کاتی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی عاشووڕا لە زیندان، زیندانییەک بە هۆی بەرکەوتنی قەمەیەک لە لایەن زیندانییەکانی دیکەوە لە ناو زیندان گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو زیندانییە کوژراوە \"وەحید غوڵامی\" ڕاگەیەنراوە.

وەحید غوڵامی بە تاوانی کرین و فرۆشتنی ماددی سڕکەر لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج دەستبەسەر کرا بوو.

لە خۆدانی قەمە لە هێندێک لە پارێزگا و شارە شیعەنشینەکان لە لایەن هێندێک کەسەوە بە بۆنەی کوژرانی حوسێن کوڕی عەلی لە مانگی موحەڕرم بەڕێوە دەچێت.