زیندانییەک لە زیندانی ورمێ ئێعدام کرا

13:51 - 20 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: لانیکەم یەکێک لەو سێ زیندانییەی کە بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" بۆ بەرێوەچوونی حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوزرابوونەوە، لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ ئێعدام کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ٢٠ی ڕەشەممە، زیندانییەکی کورد بە ناوی \"ناجی عومەرزادە\" کوڕی حاجی عومەر خەڵکی گوندی \"کەنیسی\" سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆستی شاری ورمێ، لە زیندانی ناوەندی ئەو شارە لە سێدارە درا.

ئەو زیندانییە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەشەممە، لەگەڵ دوو زیندانیی دیکە به ناوەکانی \"خەلیل ساڵحی\" و \"حوسێن ئیبراهیمی\"، لە بەندی زیندانیانی ئاسایی زیندانی ورمێ، بۆ ژووری تاکەکسی ڕاگوێزرابوون.

ناجی عومەرزادە، نزیکەی ١٠ ساڵ پێش بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" لە لایەن دەزگای قەزاییەوە بە ئێعدام مەحکووم کرا و لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ دابوو.