زیندانییەک لە زیندانی سنە ئێعدام کرا

11:18 - 4 بانەمەڕ 2720

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی بانەمەڕ، زیندانییەک بە ناوی "سینا محەممەدی" خەڵکی گوندی "سرنجیانە"ی شاری دێولان کە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە زیندان بوو، سەرەڕای هەوڵی چالاکانی مەدەنی بۆ لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە لە ئێعدامکردنی ئەو زیندانییە، لەسێدارە درا.

ئەو زیندانییە چەند ڕۆژ پێش بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی سنە کرابوو.

"سینا محەممەدی" لە کاتێکدا کە تەمەنی لەژێر ١٨ ساڵدا بوو، تووشی ئەو تاوانە ببوو و دواتر بە قیساس مەحکووم کرا.

لەو پەیوەندییەدا، سەرلەبەیانیی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕ، حوکمی لەسێدارەدانی "لوقمان ئەحمەدپوور" خەڵکی بانە، زیندانیی تاوانبار بە "کوشتنی بەئەنقەست"، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.

ئەو زیندانییە ماوەی سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە بانە دەسبەسەر کرا و دواتر بە قیساس مەحکووم کرابوو.

هەروەها، ڕۆژی  سێشەممە ٢ی بانەمەڕ، "شایان سەعیدپوور"، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی سەقز لەسێدارە درا.

ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٩٤، "شایان سەعیدپوور" لە کاتێکدا کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵ بوو، لە ئەنجامی شەڕ و دەمەقاڵێ کەسێکی بە ناوی "سلێمان ئازادی" کوشتبوو.

ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن لقی یەکی دادگای کەیفەریی یەکی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "وەفاییان" بە ئێعدام مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابووە.