زیندانییەک لە زیندانی سنە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لەسێدارە درا

10:26 - 9 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای هەوڵی چالاکانی مەدەنی بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لە بنەماڵەی کوژراوەکە، حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکی کورد کە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە زیندانی سنەدا بوو، بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ٩ی ڕەزبەر، زیندانییەک بە ناوی "ڕزگار زەندی"، تەمەن ٢٧ ساڵ، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە لەسێدارە درا و هەوڵەکانی چالاکانی مەدەنی بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لە بنەماڵەی کوژراوەکە، بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە، بێئاکام مایەوە.

ئەو زیندانییە، سێ ساڵ پێش لەگەڵ "فەرزاد زەندی" کە ئاموزای یەکترن، تووشی شەڕ و دەمەقاڵێ بووە و لەو ڕووداوەدا، "فەرزاد" گیانی لەدەست دەدات.

 "ڕزگار زەندی" ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی ڕەزبەر، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە، کرابوو.