زیندانییەک بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە زیندانی ورمێدا ئێعدام کرا

12:43 - 21 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی زیندانییەک لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدا کە لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، لە زیندانی ئەو شارەدا جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، زیندانییەک بە ناوی "مەیسەم قوربان نژاد"، تەمەن ٢٨ ساڵ، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدا لەسێدارە درا.

ئەو زیندانییە ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەر، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، لە لایەن بەرپرسانی زیندانی شاری ورمێوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" حوکمی ئێعدامی بەسەر "مەیسەم قوربان نژاد"دا سەپاندبوو.