زیندانییەک بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا

10:49 - 9 بەفرانبار 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار، زیندانییەک تۆمەتبار بە "قەتڵ" بە ناوی "مستەفا سەیفی" تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی عەتا خەڵکی گوندی "وێژنان" سەر بە شاری سەوڵاوا، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لە سێدارەدانەکەی  ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی زیندانی سنە کرا.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە، بنەماڵەی مستەفا سەیفی نەیانتوانیوە دیە بە بنەماڵەی کوژراوەکە بدەن و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانبار، حوکمی لە سێدارەدانی ئەو زیندانییە جێبەجێ بکرێت.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، مستەفا سەیفی بە وەرگرتنی موڵەتی سێ مانگە بۆ ڕەزامەندی وەرگرتن لە بنەماڵەی کوژراوەکە، لە ژووری تاکەکەسی زیندانی سنە، بۆ بەندی ئەو زیندانە گەڕێندرابووە.

ئەو زیندانییە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەرمانان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو و بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانان حوکمەکەی جێبەجێ بکرێت.

"مستەفا سەیفی" ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ساڵی ٩٤، کەسێک بە ناوی "کۆسار سەیفی" کوڕی "سدیق" کە لە نزیکانی خۆی بووە، بەهۆی کێشەی نامووسییەوە کوشتبوو.

ئەو زیندانییە دواتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە "قیساس" مەحکووم  و ئەو حوکمەش لە ساڵی ٩٧دا لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابووەوە.