زیندانییانی سیاسیی کورد لە ئەشکەنجە، پشکی شێریان بەر دەکەوێت

13:23 - 23 خەزەڵوەر 2721

یەکێک بە لێدان، یەکێک بە دەرمانخواردکردن، یەکێک بە هەڵواسین ‌و یەکێک بە ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسی لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێران، بۆ وەرگرتنی زانیاری و دانپێدانانی زۆرەملێ ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە دەبنەوە‌ و تەنانەت پاش ئازادکرانیشیان ئاسەواری ڕۆحی و ڕەوانیی ئەو ئەشکنجانە وەکوو سێبەری "سەرکوتی ڕێکخراو" بەسەر ژیانیانەوە دەمێنێتەوە.

هاووڵاتییانی کورد کە بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر دەکرێن، لە  لێدان ‌و ئەشکەنجە‌ و ئازار پشکی شێریان بەردەکەوێت، تەنانەت پاش ئازادکردنیان بە ڕوونی ئاسەواری ئەو لێدانانە بەسەر جەستیانەوە دیارە.

یەکێک لەو زیندانییە سیاسییانە کە بە بارمتە ئازاد کراوە، "لوقمان عەزیزیـ"ـیە کە پاش ئازادکردنی لە زیندان هەنووکە قامکەکانی دەستی ماوە ماوە شین و سوور دەبنەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە خەڵکی شاری شنۆیە، لە دوایین ڕۆژی مانگی جۆزەردان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لەو شارە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرا کە لەلایەن ‌مەئموورانی گرتنگەوە ئازار و ئەشکەنجە درابوو و ئاسەوارەکەی پاش ئازادکردنی بە جەستیەوە دیارە.

شین و سووربوونەوەی ماوە‌بە‌ماوەی دەستی ئەو زیندانییە سیاسییە، هەتاکوو ئێستا ڕوون نییە کە هی دەرمان پێدانە یان هی لێدان، بەڵام لێدان و ئازاردانی زیندانییانی سیاسی، لە گرتنگە و زیندانەکان، وەکوو "جیرەبەندیـ"ـی زیندانییان لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

بە بڕوای زۆرێک لە زیندانییان، مەئموورانی گرتنگە و زیندانەکان لە کاتی ئازار و لێدانی زیندانییان لەو باوەڕەدان کە هەرچەند توندتر و بێبەزەییانەتر لەگەڵ زیندانییاندا هەڵسووکەت بکەن، خێر و بێری زیاتریان پێ دەگات.

دوایین حاڵەتی ئازار و ئەشکەنجەی زیندانییانی کورد، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "خوسرەو جەماڵی فەر" خەڵکی شاری سنە بوو کە شەوی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەر، بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی مەئموورانی زیندانی ئەو شارە گیانی لەدەست دابوو.

هەرچەند کوژرانی ئەو زیندانییە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە پشتڕاست کرایەوە، بەڵام بەرپرسانی زیندان و تەنانەت دادستانی گشتیی پارێزگای سنە، ئەوەیان ڕەت کردەوە و هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو زیندانییە کوردەیان بۆ سەرگێژەبوون و کەوتن بەسەر شتێکی تیژدا گەڕاندبووەوە.

یەکێک لە هەرەترسناکترین و خراپترین جۆری ئەشکەنجە لە جیهاندا کە دەسەڵاتە سەرکەوتکەرەکان پەنای بۆ دەبەن بۆ وەرگرتنی زانیاری و دانپێدانانی زۆرەملێ لە کەسانی جیابیر و ئەندامی حیزبە سیاسییەکان، ئەشکەنجە‌دانی جەستەییە.