زیندانییانی سیاسیی كورد لەرێگەی مانگرتنەوە هاوخەمیان لەگەڵ كۆبانی دەربڕی

15:25 - 20 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی كوردی خەڵكی شارەكانی بۆكان و مەریوان كە بۆ گرتووخانەی شاری تەبەس لە ئوستانی خۆراسانی باشوور دوورخراونەتەوە، بە مانگرتن لەخواردن پشتیوانییان لە خەڵكی كۆبانی كرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا: محەمەد ئەمین عەبدوڵڵاهی و فەخرەدین فەرەجی هاواری کپ كراوی خۆیان لەرێگەی مانگرتنەوە بۆ پشتیوانی لەكۆبانی و مەحكووم كردنی تیرۆریزم و هێرشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی، دەربڕی.

محەمەد ئەمین عەبدوڵڵاهی خەڵكی بۆكان، كە بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ یەكێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامی بە ١٨ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی تەبەس حوكم دراوە، پێشتریش مانی لەخواردن گرتووە.

مانگی پووشپەڕ و خەزەڵوەری ١٣٩٢ بە نیشانەی بارودخی نالەباری زیندان و هەروەها ناڕەزایەتی دەبڕین بە شەپۆلی بەربڵاوی لەسێدارەدانی زیندانیان مانی لەخواردن گرتبوو.

\"22639.jpg\"
فەخرەدین فەرەجی و محەمەد ئەمین عەبدوڵڵاهی بە مانگرتن لەخواردن پشتیوانییان لە خەڵكی كۆبانی كرد
هەر لە مانگی خەزەڵوەری ٩٢دا فەخرەدین فەرەجی زیندانییەكی دیكەی سیاسیی كورد بۆ پشتیوانی لە محەمەد عەبدوڵڵاهی و مەحكووم كرانی بە سێدارە، مانی لەخواردن گرتبوو.

فەخرەدین فەرەجی خەڵكی شاری مەریوان، بە تۆمەتی \"ئەمنیەتی\" و هاوكاری لەگەڵ حیزبە كوردییەكان،٣٠ ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندنای شاری تەبەسی بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە كوردە سەرەتای ساڵی ١٣٩٢ لەگرتووخانەی شاری مەهاباد و مەریوانەوە بۆ زیندانی تەبەس دوورخراونەتەوە.

محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی ماوەی ٩ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی شاری بۆكانەوە دەستبەسەر كراوە.

هەرلەو پێوەندییەدا ١٥ كەس لەزیندانییانی سیاسیی گرتووخانەی ناوەندی \"ورمێ‌\"‌ش لە بەیاننامەیەكدا پشتیوانیی خۆیان لە خۆڕاگریی كۆبانی دەربڕیبوو.

لە بەیاننامەكەدا هاتبوو، \" لەو دۆخە هەستیاردە یەكیەتی و هاودەنگ بوون لەگەڵ خۆڕاگریی خەڵک لەكۆبانی، ئەركێكی ئینسانی و نەتەوەیی و هەموو ئینسانێکی ئازادیخوازە\".