زیندانییانی سیاسیی: خۆمان بە شەریکی خەم و شادیی خەڵکی ڕۆژئاوا دەزانین

11:16 - 25 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: پێنج زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە نامەیەکدا، هێرشی دەوڵەتی تورکیەیان بۆ سەر ڕۆژئاوا مەحکووم کرد.

دەقی ئەو نامەیە کە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نێردراوە، بەم چەشنەیە:

ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانە، زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بەندی سیاسی.

ئەگەرچی لەژێر خۆڵەمێشی شەڕەکانی تورکیە دژی کوردەکان، عیشق، هیوا، ئارەزوو و ئارمانە بەرزەکانی مرۆیی، لە یەک وشەدا، مرۆڤایەتی چاڵ کراوە و فاشیزم پەرەی سەندووە، بەڵام کوردەکان بە نوێنەرایەتیی جیهان لەگەڵ خوێنخۆرترین ڕێکخراوی تێرۆریستیی ئەم سەردەمە جەنگاون، هەتا بە خوێنی خۆیان، ئاشتی، ئارمانەکان و بەرانبەری لە بەشێک لە خاکی کوردستان نیهادینە بکەن.

قامکی خراپکاران هەروەها سینگی منداڵانی بێتاوانی کورد هەڵدەدرێت و دڵەکانیان بە ددان هەڵدەدڕن. بەڵام موخابن لە دڵسۆزیی ئیدعاکاران داکۆکیی لە مافی موۆڤ، بەو هەموو ئیدعا و دروشمە بێ ‌بنەمایانە کە مۆرگی بێدەنگییان لە لێویان داوە، لە بێدەنگیدا، ڕشتنی خوێنی نەتەوەی کورد چاو لێدەکەن.

ئێمە زیندانییانی سیاسیی کورد لە  گرتووخانەی زیندانی ورمێ، لەشکەرکێشیی ئەرتشی دەستدرێژیکەری تورکیە بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوا بەتوندی مەحکووم دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و شادیی خەڵکی ڕۆژئاوا دەزانین و ئەمە تەنیا کارێکە لە هەنووکەدا لە دەستمان دێت هەتاکوو ئەنجامی بدەین.

زیندانییانی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ:

عوسمان مستەفاپوور

مەحیەدین ئیبراهیمی

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور

مەجید تەیباش

سیامەک ئەشرەفی