زیندانییانی زیندانی ورمێ ناڕەزایەتییان دەربڕی

11:55 - 23 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، زیندانییانی بەندی "ئەمن، حیمایەت و تەلاشـ"ـی (امن، حمایت و تلاش) زیندانی ورمێ، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی و لەبەرچاونەگرتنی مەودای دیاریکراو بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، زیندانییانی ناڕازی تەواوی پەتوو، پەردە و کەرەستەی زیندانیان ئاگر تێبەرداوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "بەندی ئەمن تەنیا ٥٠ کەسی تێدا جێ دەبێتەوە کە هەنووکە زیاتر لە ١٥٠ کەسی تێدایە و بە کەمترین خزمەتگوزاری لەو بەندەدا ڕاگیراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بەندی تەلاش تەنیا حمامێک و دەسبەئاوێکی هەیە و قەرەباڵغیی وەستان لە ڕیزی حەمام و دەسبەئاو، هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتی دەربڕینی زیندانییان بووە.

زیادیشی کرد، بڕیار بووە هەتا ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ، موڵەتی مورەخەسیی زیندانییان درێژە بکێشێت، بەڵام بەرپرسانی زیندانی ورمێ لەگەڵ درێژکردنەوەی مورەخەسیی زیندانییان دژایەتییان کردبوو.

پاش ناڕەزایەتیی زیندانییان، ئامادەباشی لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندراوە و بەرپرسانی زیندانی ورمێ ژمارەی نیگەهبانەکانیان چەند بەرابەر کردووەتەوە.