زیندانییانی زیندانی سنە: هەر دەنگێک بێڕێزی بە خوێنی شەهیدانی ڕێگای ئازادییە

11:17 - 2 رەشەمه 2719

ژمارەیەک لە زیندانییانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە، ١١یەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسیان بایکوت کرد و داوا لە هەموو خەڵک دەکەن بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا نەکەن.

ئەو زیندانییانە لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی زیندانی سنە ڕایانگەیاندووە: "دەنگ نادەین و لە چوون بۆ سەر سندووقی دەنگدان خۆمان دەبوێرن".

ئەو زیندانییانە هەروەها پێداگریان لە سەر ئەوە کردووەتەوە: "هەر دەنگێک بێڕێزی بە خوێنی شەهیدانی ڕێگای ئازادییە".

لەو پەیوندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕێبەندان، زیندانییانی زیندانی ورمێ، داوایان لێکراوە بەشداری لە ١١یەمین خولی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس‌دا بکەن.

"سۆهرابی" بەرپرسی زیندانی ورمێ، لە قسەکانیدا، "پێداگری لە سەر ئەوە کردووە کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرەملێیە".

"بەرپەرسی زیندانی ورمێ هەڕەشەی لە زیندانییان کردووە لە ئەگەری بەشدارینەکردن لە دانگدان، لە مافی مەرەخەسی بێبەری دەکرێن".