زیندانییانی بەندی ١٥ی زیندانی ورمێ مانیان گرت

16:46 - 15 رەشەمه 2719

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەشەمە، زیندانییانی بەندی ١٥ی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە نیشانەی پێنەدانی مورەخەسی مانیان گرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو بەندە ٤٥٠ زیندانیی تێدایە و ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی ڕەشەمە، لە هەوڵێکدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین چێشتەکەی نێوەڕۆیان ڕشت".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسانی زیندان، هەڕەشەیان لە زیندانییان کردووە کە لە ئەگەری درێژەدان بە مانگرتن لەگەڵ ئەوان تەنبێیان دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی ڕەشەمە، چوار زیندانی بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندی ١٥ ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کراون.

پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان، بەرپرسی دەزگای دادوەری لە بەخشنامەیەکدا بە تەواوی ناوەندە دادوەرییەکانی ڕایگەیاندووە کە هەتا ١٥ی خاکەلێوەی ساڵی ٩٩، بە دانانی بارمتە یان کەفالەت بۆ زیندانییانی مەحکووم بە زیندان مورەخەسی بدرێت، بەڵام ئەو بەخشنامەیە ئەو زیندانییە سیاسییانە ناگرێتەوە کە زیاتر لە ٥ ساڵ زیندانییان هەیە.