زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بارودۆخی نالەبارە

15:00 - 3 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕ، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە بارودۆخێکی نالەباردایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"فەرهاد سەحراپەیما\"، زیندانیی سیاسیی کورد، لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ، کە شەشەمین ساڵی زیندانبوونی تێدەپەڕێنێ، لە ئیمکاناتی سەرەتایی ژیان و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە تەلەفۆن و ڕۆژنامە بێبەرییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"بێبەریکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە حاڵێکدایە کە بەرپرسی وەرگرتنی بەندی زیندانی ورمێ هەڵسووکەوتی نەشیاو لەگەڵ ناوبراو دەکات و بەردەوام خەریکی سووکایەتی و بێڕێزیکردنی بە کەسایەتی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەیە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"ئەو زیندانییە کوردە کە لە زینداندا تووشی نەخۆشینی گورچیلە بووە، هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندان هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشینی ئەو زیندانییە کوردە هەڵنەگرتووە\".

بەرپرسانی زیندان داوای بڕی تێچووی چارەسەریی نەخۆشییەکەی ناوبراویان کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، \"فەرهاد سەحراپەیما\" زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی شاری ورمێ، کە شەشەمین ساڵی زیندانبوونی لەو زیندانەدا تێدەپەڕێنێ، لە هەمبەر ڕەزامەندنەبوونی دادگا بۆ ئازادکردنی و بەڕێوەنەبردنی مادەی ١٣٤ی کۆکراوەی حوکمەکان دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

فەرهاد سەحراپەیما خەڵکی گوندی دیزەجی ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێیە و مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩١ بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و دواتر لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێیەوە بە ٧ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.