٥ زیندانیی دیکەی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانی ورمێ بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزران

17:54 - 12 جۆزەردان 2720

پێنج زیندانیی دیکە کە تاقیکارییەکانیان بە کۆرۆنا ئەرێنی بووە، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی ئەو شارە ڕەوانە کران.

ئەو ٥ زیندانییە کە لە بەندی ١٤ی زیندانی ورمێدا بوون، هەنووکە لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

لەو پەیوەندییە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ٦ زیندانیی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندی ١٥ی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی ئەو شارە ڕاگویزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، شوناسی سێ کەس لە زیندانییانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ناوەکانی "فەردین سەیادی" تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی ورمێ، "عەلی قادری" و "حوسێن سەروەری" خەڵکی سەردەشت، ڕاگەیەنەندراوە.

پێشتریش، "حەمزە بروجنی"، بەڕێوەبەری زیندانەکانی ورمێ ڕایگەیاندبوو: "بە خۆشییەوە هەتا ئێستا هیچ حاڵەتێک لە تووشبوونی زیندانییان بە کۆرۆنا بەرچاو نەکەوتووە و زیندانەکانی پارێزگا هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن هەتا ئەمنییەتی ڕەوانی و تەندروستیی زیندانییەکان نەکەوێتە مەترسییەوە".

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لە زیندانی ورمێ وتەکانی "حەمزە بروجنیـ"ـی بەتوندی ڕەت کردەوە و وتەکانی ناوبراوی دوور لە ڕاستی زانی.