٢٠ زیندانیی دیکە پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتنی سەعید شێرزاد دەربڕی

20:05 - 25 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: ٢٠ زیندانیی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج پشتیوانیی خۆیان لە سەعید شێرزاد چالاکی سیاسیی کورد کە ماوەی ٣٨ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە، دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٢٠ زیندانیی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە نامەیەکدا بۆ عاسیمە جەهانگیری، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، داواکاری پشتیوانیی ناوەندە نێونەتەوەییەکان لە سەعید شێرزاد بوون.

لە نامەی ئەو ٢٠ زیندانییە سیاسییەدا هاتووە کە؛ چەندین جار لەلایەن زیندانیان و بنەماڵەکانیانەوە لە پەیوەندی لەگەڵ پێشێل کردنی مافە مرۆییەکانی زیندانیانی بەند کراو لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، وتووێژ، نامەنووسین، بەدواچوون بۆ دۆخی ناجێگری زیندانیان کراوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەرێنی لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە نەدراوەتەوە.

واژۆ کەرانی ئەو نامەیە دووپاتیان کردووەتەوە کە؛ ئەو بارودۆخە وای لە سەعید شێرزاد کردووە کە ناوبراو ناچار بە مانگرتن لە خواردن بووە و زیندانیی دیکەش پشتیوانی لەو چالاکە سیاسیە کوردە بکەن.

ئەو ٢٠ زیندانییە، لە ٣٨ـەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی سەعید شیرزاد دا، لەو نامەیەدا کە بۆ عاسیمە جەهانگیریان نووسیوە، ئاماژە بە مردنی دوو زیندانیی سیاسی وەک هۆدا سابیر و ئەکبەر محەممەدی کە بە هۆی مانگرتن لە خواردن، لە زینداندا گیانیان لەدەست دابوو کراوە، و داوایان لە ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران و ناوەندە نێونەتەوەییەکان کردووە کە لە هەموو ئامرازێک بۆ پاراستنی گیانی سەعید شێرزاد کەڵک وەربگرن.

هەروەها لەو نامەیەدا هاتووە کە؛ هیچ زیندانییەک ئامادە نیە زیان بە جەستە و ڕۆحی خۆی بگەیەنێ، بەڵام دۆخی زاڵ کراو لە لایەن دەسەڵاتداران، زیندانییەکانیان ناچار بەو کردەوەیە کردووە.

واژۆ کەرانی ئەو نامەیە بریتین لە: شاهین ئیقدامی، فەرید ئازموودە، بێهزاد تەرەحۆمی، ڕەزا ئەکبەری، ئیرەج حاتەمی، خالید حەردانی، لەتیف حوسێنی، واحید خەلووسی، جابر عابدینی و ئیبراهیم فیرووزی، هەمزە سەواری، حەسەن سادقی، ئەبوولقاسم فولادوەندی، فەرهاد فەهەندژ، ئیبراهیم فیروزی، ڕەزا کاهە، ئەحمەدکەریمی، ساڵح کۆهنە دل، سەعید ماسووری، زانیار مورادی و بێهنام مووساوەند.

سەعید شێرزاد چالاکی سیاسیی کورد خەڵکی شاری کرماشانە و پێشتر و هاوکات لەگەڵ مانگرتنی لە خواردن، نامەیەکی ڕەوانەی دەرەوەی زیندان کردبوو کە لەوێدا ئاماژەی بە \"بێڕێزیی بەردەوامی مەئموورەکان بە بنەماڵەی زیندانییەکان، دەستبەسەر کردنی ئەندامانی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، پێشگرتن لە ڕەوانەکردنی زیندانیانی سیاسی بۆ ناوەندی دەرمانی و ئازار و ئەشکنجەی زیندانیانی سیاسی و ڕەوانەکردنیان بە زۆرەملی بۆ دادگاە، بە توندی ناڕەزایەتی دەربڕیبوو.

هەروەها حەوتووی ڕابردوو، کۆمەڵێک لە زیندانیی سیاسیی ڕەجایی شاری کەرەج پشتیوانییان لە مانگرتنی ئەو چالاکە سیاسییە کوردە کردبوو.

لینکی پەیوەندیدار:
چواردە زیندانی پشتیوانیان لە مانگرتنی چالاکێکی کرماشانی کرد