زیندانیانی سیاسیی کورد، بە مانگرتن پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی دەکەن

13:31 - 16 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی و مەحکووم کردنی هێرشی چەکدارانی داعش، مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییە کوردەکان لە زیندانی شارەکانی ورمێ، یەزد، قوروە و زیندانی ناوەندیی شاری میناب لە باشووری ئێران، بە مانگرتن پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی کۆبانی راگەیاند.

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەر، کەیوان داودی، مەنسوور ئاروەند، محەمەد عەبدوڵڵاهی و مەوولود یەزدانپەنا له زیندانی ورمێ بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە خەڵکی کۆبانی و مەحکووم کردنی هێرشی چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی ئەو شارە، مانیان لە خواردن گرتووە.

هەروەها عەلی مورادی، ئەفشین سۆهراب‌زادە، کەماڵ شەریفی و محەمەد حوسێن رەزایی لە زیندانی ناوەندیی شاری میناب و ئەسعەد سڵاواتی، شاکیر عەیان‌پوور و کەریم مووسازادە لە زیندانی بەندەرعەباس لە باشووری وڵاتی ئێران بە مانگرتن لە خواردن، هێرشی چەکدارانی داعشیان بۆسەر خەڵکی کۆبانی مەحکووم کردووە.

هاوکات ژمارەیەکی دیکەش لە زیندانییە سیاسییە کوردەکان لە زیندانەکانی باشووری ئێران و زیندانی ئوستانەکانی دیکەی ئێران، بە مانگرتن لە خواردن، تێکەڵ بە رەوتی پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی بوون و پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی کۆبانی دەربڕیوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکەوتی ١٦ی رەزبەر، ١٠ گیراوی سیاسیی کورد کە لەزیندانی ناوەندیی شاری یەزد لە دەستەبەریدان، بە دەستپێکردنی مانگرتن، پشتیوانییان لە خەڵکی کۆبانی دەربڕیوە.

محەمەد مورادی، والی دروودی، عومەر ئیمامی و عەلی ساڵحی، کە نزیک بە ٢٠ ساڵە لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دەستبەسەریدان، لەو کەسانەن کە بە دەستپێکردنی مانگرتن هێرشی چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامییان بۆسەر خەڵکی کۆبانی مەحکووم کردووە.

دەگوترێت، ئەو زیندانییە سیایسە کوردانە بۆ ماوەیەکی نادیار مانیان لە خواردن گرتووەو هەتا ئێستاش لەسەر مانگرتنەکەیان بەردەوامن.

لە رۆژانی رابردووشدا دەیان کەسایەتیی ناسراوی بواری مۆسیقا، مافی مرۆڤ و یاسازانی کورد و ئێرانی بە نیشانەی پشتیوانی کردن لە خەلكی کۆبانی و مەحکووم کردنی هێرشی چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی بۆسەر شاری کۆبانی لە وڵاتی سووریا، دەستیان دایە مانگرتن.

شەهرام نازری و سەدیق تەعریف، دوو هونەرمەندی ناسراوی بواری مۆسیقا، رۆژی دووشەممەی ئەم حەفتەیە مانیان لە خواردن گرت، کە مانگرتنەکەیان هەتا ئەمڕۆ چوارشەممە و بۆ ماوەی ٣ رۆژ بەردەوام بوو.