زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ لە ساڵیادی تیرۆری دوکتور قاسملوودا مانیان گرت

16:44 - 22 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە تیرۆر کرانی دوکتور قاسملوو، مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ زیندانییە سیاسییە کوردەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە بیست و پێنجەمین ساڵیادی تیرۆر کرانی دوکتور قاسملوودا، دەستیان داوەتە مانگرتن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ تێکڕای زیندانییە سیاسییەکانی نێو زیندانی ورمێ، کە زیاتر لە ٣٠ کەسن، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ مانیان لە خواردن گرتووە.

گوتیشی، زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ کە سەربە حیزبە کوردییە جیاجیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانن، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە تیرۆر کرانی دوکتور قاسملوو بەدەستی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەو مانگرتنە ١ رۆژەیان رێکخستووە.

روونیشی کردەوە، ئەم هەڵوێستەی زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ، تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بەرپرسانی زیندانی لێکەوتۆتەوەو هەڕەشەی بێبەری کردن لە مەرەخەسی و رێگری کردن لە ملاقاتی زیندانیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان، لەو زینداییە کوردانە کردووە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا خەڵکی کوردستان، بە شێوەی جۆراوجۆری وەکوو مانگرتن و داخستنی دەرکی دووکان و بازاڕ، ناڕەزایەتییان بە تیرۆر کرانی عەبدولرەحمان قاسملوو بە دەستی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران دەربڕیوە.

عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی لە کاتی دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا لە شاری ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، هاوڕێ لەگەڵ عەبدوڵلا قادری ئازەر نوێنەری حیزبی دێمۆکرات لە ئوروپا و فازڵ رەسووڵ، بەدەستی نوێنەرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تیرۆر کرا.