زیندانی ئێڤین؛ ئەندازیار "پەرهام پەروەری" بە "موحاڕبە" تۆمەتبار کرا

12:12 - 24 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەندازیار "پەرهام پەروەری" خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتی زیندانی ئێڤین بە "موحاڕبە" تۆمەتبار کرا.

یەکێک لە نزیکانی ناوبراو لەو بارەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئەندازیار "پەروەری" ڕۆژی ١١ی خەزەڵوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت دەسبەسەر و بۆ زیندانی "فشافوویە" گوازرابووەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند کە "پەرهام پەروەری"دوای حەوتوویەک ڕاگرتن لە زیندانی "فشافوویە" بۆ زیندانی "ئێڤین" گوازرابووەوە.

"پەرهام پەروەری" ٢٥ساڵە و دەرچووی ڕشتەی ئەندازیاریی مکانیک لە زانکۆی "سەنعەتـ"ـی شاری ورمێیە و "موزەفەر پەروەری" و "سروە سووزەنی" باوک و دایکی پەرهام لە فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی شاری سەقزن.

ئەندازیار "پەرهام پەروەری" پلەی سێهەمی مەلەوانی لە ئاستی ئێراندا هەیە و چەندین خەڵاتی لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری خوێندکاری بەدەست هێناوە.

ناوبراو لە شیرکەتێکی ئەندازیاریی لە شاری تاران خەریکی کارکردن بووە.

ئەندازیار "پەروەری" ئێستا لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین لە شاری تاران دەسبەسەرە.