زیندانی ئێڤین؛ ئەسکەندەر لوتفی بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی ئازاد کرا

19:13 - 26 گەلاوێژ 2722

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، ئەسکەندەر لوتفی، وتەبێژی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، پاش ١٠٨ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لە زیندانی ئێڤین هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

ئەسکەندەر لوتفی پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ دابڕگەی زیندانی ئێڤین و دواتر بۆ بەندی گشتیی ئەو زیندانە، ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان بنەماڵەی لوتفی بۆ یەکەم جار توانییان چاوپێکەوتنی کابینییان لەگەڵ ناوبراو هەبێ.

ئەو چاوپێکەوتنە لە کاتێکدا بووە کە مەئموورانی ئەمنییەتی ئەو چالاکە سێنفییە و بنەماڵەکەیان ناچارکردبوون کە لەگەڵ یەکتری به فارسی قسە بکەن.

ئەسکەندەر لوتفی لە وتووێژ لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕایگەیاندووه کە لێپرسینەوەکەی پەیوەندیی بە دوو مامۆستای فەرانسەوییەوە دەسبەسەرکراوە.

ئەسکەندەر لوتفی، وتەبێژی شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٩ی جۆزەردان "ئەسکەندەر لوتفی" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لەمەڕ بەردەوامیی دەسبەسەریی نایاسایی و لەژێر گوشاردابوونی بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، دەستی بە مانگرتنی وشک کردبوو.

ڕۆژی یەکشەممە١١ی جۆزەردان، ئەسکەندەر لوتفی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر و پاش دەسبەسەری لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران،  بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری سنە کرابوو.