زیندانی کامیاران؛ ڕاشد مونتەزێری بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا

10:09 - 16 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی شەممە ١٥ی خەزەڵوەر، "ڕاشد مونتەزێری" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٧ی بانەمەڕ، ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی کامیاران کرابوو. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی وەرگرتنی مەرەخەسی بێبەری کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە مانگی ڕێبەندانی ٩٩ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی، مەحکووم کرابوو.

٤ مانگ لە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیریی ڕاشد مونتەزێری، پاش "تەسلیم بە رەئی" (تسلیم بە رأی) کەم کرابووەوە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانباری ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

"ڕاشد مونتەزێری" پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی کامیاران ڕاگوێزرا و مانگی بانەمەڕی ٩٨، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.