زیندانی ورمێ/ گەڵالە کەمکردنەوەی سزای زیندانییانی تەعزیری زیندانییانی سیاسی ناگرێتەوە

13:48 - 19 پووشپەڕ 2720

گەڵاڵەی کەمکردنەوەی سزای زیندانییانی تەعزیری لە چەند ڕۆژی داهاتووەدا، لە زیندانی ورمێ جێبەجێ دەکرێت و ئەو گەڵاڵەیە زیندانییانی سیاسی ناگرێتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو گەڵاڵەیە لە ١٥ ماددە پێکهاتووە و کە ماددەی ٧ی ئەو گەڵاڵەیە تایبەت بە ئەو زیندانییانە کە تاوانەکانیان سیاسییە و بەپێی ماددەی ٤٧ی یاسای سزای ئیسلامی، حوکمی داسەپاو بە سەر ئەو زیندانییانەی کە تاوانەکانیان سیاسییه، بە هیچ شێوەیەک هەڵناپەسێردرێت.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت: "بەپێی پەسەندکراوی ماددەی ٧ی ئەو گەڵاڵەیە، لە ئەگەری هاوکاریکردنی زیندانییان لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هەڵپەساردانی بەشێک لە سزاکان بەربەستی یاسایی نییە."

ئەو سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو بارەیەوە دەڵێت: بەخشنامەی دانی مەرەخەسی بە زیندانییانی سیاسی کە حوکمەکەیان لە ٥ ساڵ کەمترە، ڕاگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی زیندانی ورمێ، مەرجی یەک لە سەر سێ زیندانیی‌بوونیانی پێوە زیاد کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادار پێداگری لە سەر ئەوە کرد کە، زیندانییانی سیاسی لە مافی مەرەخەسی یاسایی و ئازادیی بێمەرەج بێبەرین و بە مەرجی هاوکاری لەگەڵ ئازادیی بێمەرجی ئەوان، بەرپرسانی زیندانی ورمێ ڕەزامەندنی دەردەبڕن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: نوێنەرەکانیی وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە زیندانی ورمێ، زۆربەی کاتەکان بەبێ موڵەت زیندانییانی سیاسی بانگهێشت و گوشاریان بۆ دێنن کە دەبێت لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکان هاوکاری بکەن.

زیندانی ناوەندیی ورمێ لە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی دامەزراوە و ١٣ بەندی هەیە و ناوەندی ئیدارەکردنی ئەو زیندانە، ڕێکخراوی زیندانەکانی قوەی قەزاییەیە.