زیندانی ورمێ؛ یەک ساڵ لە ناڕوونیی چارەنووسی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی تێپەڕی

12:03 - 20 بەفرانبار 2721

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی بەفرانبار، یەک ساڵ لە ناڕوونیی چارەنووسی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانباری ٩٩، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ تێپەڕی.

فارۆق سامانی برای فەرزاد سامانی لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "٢٠ی بەفرانبار ساڵوەگەڕی دەسبەسەرکردنی براکەم و ساکار عەینییە کە ساڵی ڕابردوو لە شەپۆلێکی بەرینی دەسبەسەرکردنی چالاکان لەگەڵ زیاتر لە سەد  چالاکی دیکەی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات وەکوو مەهاباد، بۆکان، ورمێ، سنە، پیرانشار، سەردەشت، تاران، کەرەج و ... دەسبەسەر کراون، زۆربەی ئەو چالاکانە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون و چەند هاووڵاتی لەوانە فەرزاد و ساکار هەنووکە لە زیندانی ورمێدان. هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکانە لە ئێران بە گشتی بۆ پەیوەندییان لەگەڵ حیزبە کوردییەکان ڕادەگەیندرێت کە لە زۆربەی کاتەکان تۆمەتگەلێکی ساختە و دوور لە ڕاستی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بەسەر هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو دەسەپێندرێت هەتاکوو زیاتر سەرکوت بکرێن".

بە وتەی فارۆق سامانی، هەتا ئێستا هەواڵێک لە بەڕێوەچوونی دادگا بڵاو نەبووەتەوە، پارێزەرانی فەرزاد و ساکار وتوویانە کە دۆسیەی ناوبراوانیان خوێندووەتەوە و هیچ بەڵگەیەک و دێکۆمێنتێک لە دۆسیەکەدا سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو دوو هاووڵاتییە بوونی نییە و لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە دۆست و نزیکانی فەرزاد و ساکاریان بە بیانووگەلێکی جۆراوجۆر بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپا لە مەهاباد بانگهێشت کردووە و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

ئەو چالاکە کوردە وتوویەتی: "دادوەر غوڵامی دادوەری لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد هەتا ئێستا لەبارەی بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەی دادگا ڕوونکردنەوەیەکیان بە بنەماڵە و پارێزەرەکانی ساکار و فەرزاد نەداوە کە چەندین مانگە لە ڕێڕەوەکانی دادگای ئینقلاب چاوەڕێی دیتنی کەمێک داپەروەرین".

شەوی سێشەممە ١١ی جۆزەردان، فەرزاد سامانی و ساکار عەینی، پاش نزیک ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کران.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردان، تاقیکاریی کۆرۆنای ساکار عەینی، لە دابڕگەی زیندانی ورمێ، ئەرێنی دەرچووە.

ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانباری ٩٩، فەرزاد سامانی، خەڵکی مەهاباد لەگەڵ سوهەیب بادرووج، لە خەوتنگەی زانکۆی خاڕەزمی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو خوێندکارەی قۆناغی کارناسیی باڵای کۆمەڵناسی، دوای دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩، "ساکار عەینی"، خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا لە تاران، دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، ڕاگواستبوو.

ساکار عەینی، دەرچووی بەشی شارسازی لە زانکۆی "ورمێـ"ـیە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.