زیندانی ورمێ؛ ئیرەج سۆفی محەممەد بە بەڵێنی بەرپرسان کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

10:55 - 27 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، ئیرەج سۆفی محەممەد، زیندانیی مەزهەبیی بەندکراو لە زیندانی ورمێ کە لە ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژەوە دەستی دابووە مانگرتن، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە مەزهەبییە بە بەڵێنی بەرپرسانی زیندان لەمەڕ ڕاگواستنی بۆ زیندانی مەهاباد کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە و پاشان لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ بۆ بەندی گشتیی ئەو زیندانە ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژ، ئیرەج سۆفی محەممەد، لە ناڕەزایەتی دربڕین لەمەڕ دژایەتیکردنی بەرپرسان لەگەڵ ڕاگواستنی ناوبراو بۆ زیندانی مەهاباد دەستی دابووە مانگرتن و پاش مانگرتنەکەی بۆ یەکێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

مانگی بانەمەڕی ٩٩، ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی مەهاباد، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە بەپێی گەڵاڵەی کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری، بۆ ١٠ ساڵ کەم کرایەوە.

ئیرەج سۆفی محەممەد، ساڵی ٩٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر و لە ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپی ئەنسارولئیسلام" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە ١٨ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە پاش کۆتایی ماوەی زیندانییەکەی، ساڵی ٩٧ لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو.