زیندانی ورمێ؛ کامیل سەیدان‌مەسکەن مانی لە خواردن گرت

11:47 - 24 رەزبەر 2722

کامیل سەیدان‌مەسکەن (جەباروەند)، زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "چر‌یاوا"ی ناوچەی مەرگەوەڕ لە زیندانی ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بێبەریکردن لە مافی مەرەخەسی، مانی لە خواردن گرت.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە چەندین جار داوای مەرەخەسیی کردبوو، بەڵام بەرپرسانی زیندان داواکاریی ئەو زیندانییەیان ڕەت کردبووەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو زیندانییە ماوەی چوار ڕۆژە دەستی داوەتە مانگرتن و هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندان، وڵامی داواکارییەکەی ناوبراویان، نەداوەتەوە.

مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠، ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بەتۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"، بە ٧ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم، کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٩٩، لە لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی ورمێ، تۆمەتەکەی ڕوون کرایەوە و بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە، لەلایەن هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، دەسبەسەر کرابوو.

 پاش دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە، قەرارگای حەمزە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێرانـ"ـی دایە پاڵ ئەو هاووڵاتییە.

کامیل سەیدان‌مەسکەن (جەباروەند)، ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٩٩، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی "ئەلمەهدی"ی ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.