زیندانی ورمێ؛ مەحیەدین ئیبراهیمی و مەحیەدین تازەوارد بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران

23:09 - 4 خەزەڵوەر 2721

نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەزەڵوەر، مەحیەدین ئیبراهیمی و مەحیەدین تازەوارد، دوو زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی مەحکووم بە ئێعدام و خەڵکی شنۆ، لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "ئەو دوو زیندانییە کوردە بە هۆکاری ناڕوون لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کران".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "پێشتر حوکمی لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە کوردە لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە و ناوبراوان مەترسیی ئێعدامیان لەسەرە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە دوو زیندانیی دیکە بە ناوەکانی "داود جەباری" و "کەماڵ"، لەگەڵ ئەو دوو زیندانییەی مەحکووم بە ئێعدامە، ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کران.

مانگی خەرمانانی ٩٩، حوکمی ئێعدامی "مەحیەدین ئیبراهیمی"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێـ"ـی شاری شنۆ، لە لقی ١٩ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتی بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کراوە و ئەو حوکمەش لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە.

دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکە لە دیوانی باڵای وڵات، بۆ دادگای شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو زیندانییە ڕەوانە کراوەتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ دووەمین جار لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە ئێعدام مەحکووم کراوە و ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، بانگهێشتی بەشی مەدەدکاریی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و حوکمەکەیان پێڕاگەیەندرابوو.

حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ لە دیوانی باڵای وڵات پێشێل کراوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە بۆ لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێ کرابوو.

بەدواداچوونی دووبارە بۆ دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی "شێخلو" بەڕێوە چووە و ناوبراو بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" جارێکی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار و دواتر دەسبەسەر کرابوو.

مەحیەدین ئیبراهیمی، پاش برینداربوونی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و بەبێ تەواوکردنی دەوا و دەرمانەکەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدای ورمێ گوازرایەوە و بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لێپرسینەوە و ئازار و ئەشکەنجە درابوو.

٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، دادگایی کردنی مەحیەدین ئیبراهیمی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بەبێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکی مانگی ڕەزبەر بڕینەوەی حوکمی ئێعدام بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران"، بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ساڵی ٨٩ ئەم هاوووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی " ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی شاری ورمێ ئازاد کرابوو.

هەروەها، ساڵی ٩٦، برایەکی ئەم زیندانییە سیاسیە کوردە بە ناوی "نورەدین ئیبراهیمی" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە کاتی کاسبیکردن گیانی لەدەست داوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٩٩، لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی ددوەر "شێخلوو"، "مەحیەدین تازەوارد"، زیندانیی مەزهەبی و خەڵکی شنۆی بە تۆمەتی "محاربە"(دژایەتی لەگەڵ خودا)، بە ئێعدام مەحکووم کرد.

پێشتر حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە مەزهەبییە، لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرابووەوە.

مەحیەدین تازەوارد، کوڕی یووسف، ٧ی خەزەڵوەری ٩٧ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.