زیندانی ورمێ؛ فەرزاد سامانی به دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا

16:21 - 23 رێبەندان 2721

ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فەرزاد سامانی" پاش ١٣ مانگ لە ناڕوونیی چارەنووسی، بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تەمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی ورمێ ئازاد کراوە.

شەوی سێشەممە ١١ی جۆزەردان، فەرزاد سامانی و ساکار عەینی پاش نزیک ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کران.

ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانباری ٩٩، فەرزاد سامانی، خەڵکی مەهاباد لەگەڵ سوهەیب بادرووج، لە خەوتنگەی زانکۆی خاڕەزمی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەو خوێندکارەی قۆناغی کارناسیی باڵای کۆمەڵناسی، دوای دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی فەرزاد سامانی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.